ئایە دروستە دانانی منداڵی بلوری؟
ئایە دروستە دانانی منداڵی بلوری؟
ئایە دروستە دانانی منداڵی بلوری؟
پرسیارەکە( مامۆستا ئێمە منداڵمان نابێت بە سروشتی و کێشەش لە خێزانمە، ئایە دروستە منداڵی بلوری کە دکتۆرەکان باسی ئەکەن ؟)
دیارە منداڵی بلوری ئەوەیە ئاوی پیاو بە ئامێری تایبەت لە ڕەحمی ئافرەتدا یان لە دەرەوەی ڕەحمدا دەچێنرێت، بە ئومێدی دروست بوونی منداڵ.
پێش ئەوەی بچمە سەر وەڵامەکە ئەبێ ئەوە بزانین کە هەر نەخۆشیەک ڕوو لە مرۆڤ دەکات جایزە یان هەندێ کات واجبە چارەسەری بکرێت، کە هەندێ جار نەبونی منداڵیش بەشێکە لەم جۆرە نەخۆشیانەو ئەبێ بە دوای چارەسەریدا بگەڕێ خاوەنەکەی.
پاشان لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بەهۆی پێشکەوتنی بەرچاوی زانستەوە چەندین جۆر لە منداڵی بلوری پەیدا بوەو هەندێکیان دروستە و هەندێکی تریان نادروستە، کە من لێرەدا ئاماژە بە هەموو جۆرەکان ئەکەم بە پێی ئەوەی پەی پێ دەبەم :
یەکەم : ڕێگە دروستەکانی منداڵی بلوری، واتە لەم دوو شێوەدا منداڵی بلوری دروستە ئەنجام بدرێ:
١) کاتێک ئاوی پیاو وەربگیرێت و بە ئامێر لە ڕەحمی خێزانیدا دابنرێت، ئەم کارە تەواو دروستە و هەر منداڵێکیش لەم ڕێگەوە دروست بێت هیچ کێشەی شەرعی تێدا نیە.
٢) هێلکەی ئافرەت وەربگیرێت و لەگەل ئاوی هاوسەریدا لە دەرەوەی ڕەحم بپیتێنرێت و پاشان لە ڕەحمی ئافرەتەکەدا جێگیر بکرێتەوە، کە ئەمڕۆ پێی ئەوترێ منداڵی بلوری.
لەم کاتەدا گەر تەنها ئاوی پیاو وە هێلکەی خێزانەکەی بێت دروستە.
دووەم : ڕێگە نادروستەکانی منداڵی بلوری، دیارە لە چەند حاڵەتێکدا ئەم کارە نادروستەو موسڵمان ئەبێ لێی بە دور بێت، کە بە کورتی ئەم حاڵەتانەن:
١) ئافرەت هەیە هێلکەی خۆی توانای دروست بونی منداڵی نیە، لەبەر ئەم هۆکارە دێن هێلکەی ئافرەتێکی تر( کە بەداخەوە ئێستە فرۆشتنی هێلکەی ژنان کاریکی بەربڵاوە لەبەر ئەم هۆکارە) لە ڕەحمی ئەم ئافرەتە دائەنێن پاشان کە ئاوی پیاوی پێ ئەگات منداڵ دروست ئەبێت، ئەم کارە حەرامە.
٢) لەم کاتەدا ئافرەت هیچ کێشەیەکی نیە بەلکو کێشە لە پیاوادایە یان هەر ئاوی نیە یاخود ئاوی هەیە بەڵام ناگونجێ بۆ پیتاندن، بۆیە دێن ئاوی پیاوێکی تر دەر دەهێنن و لە ڕێگەی ئامێرەوە لە ڕەحمی ژندا جێگیر دەکرێ و بەو شێوە منداڵ دروست ئەبێت! هەر منداڵێ بەم جۆرە دروست بێت لە ڕوی شەرعەوە منداڵی زینایەو تێکەڵ بونی وەچەیە.
٣) لەم کاتەدا کێشە لە ژنەکەدایە بەڵام جیاوازە لەوەی پێشوو باسم کرد، ئاوی پیاو وەردەگیرێت لەگەل هێلکەی ئافرەتێکدا ئەپیتێنرێت لە ڕێگەی ئامێرەوە، وە کاتێک ئەپیتێنرێت ئەگێڕدرێتەوە بۆ ڕەحمی ژنی خاوەن ئاوەکە کە مێردێتی! پاشان منداڵەکە لە ڕەحمیدا دروست دەبێت، ئەم کارەش نادروستە، چونکە لە هێلکەیەک دروست بوە کە خێزانی خۆی نیە لە سەرەتادا.
٤) جۆری چوارەم کە نادروستە، ئەوەیە هەندێ پیاو هێلکەی خۆیان کار ناکات و هێلکەی پیاوێکی تریان بۆ دائەنرێت، بە هۆی ئەم هێلکە دانراوەوە منداڵ دروست ئەبێت، واتە لەم کاتەدا وەک ئەوە وایە ئاوی پیاوێکی تر بکرێتە منداڵدانی ژنەکەیەوە، چونکە سپێرمی پیاو لەگەڵ هێلکەی ژندا یەک دەگرن و (٤٦) کرۆمۆسۆم دروست ئەبێت، کە هی پیاو(XY) یەو هی ژن(XX)ە، وەهەرکات ئێکسی پیاو لەگەڵ ئێکسی ژن یەکیان گرت کچ دروست ئەبێت و هەرکات(Y) پیاو لەگەڵ(X) ی ژن یەکیان گرت کوڕ دروست ئەبێت. کەواتە سپێرمی پیاو هۆکاری دروست بونی منداڵەکەیەو هەرکات هێلکەی پیاوێک گۆڕا مندالەکانی لە دوای گۆڕانەکەوە شەرعەن هی خۆی نیە.
لە کۆتاییدا پێم خۆشە بڕیارەکانی کۆڕبەندی فیقهی ئیسلامی کە سەر بە(منظمة المؤتمر الإسلامي)ە، ئاماژە پێ بکەم کە لەم بارەوە ئەم چەند بڕیارەیان داوەو پێیان وایە ئەوەی ئەمڕۆ ئەکرێ لەم حەت جۆرەیە :
١) سپێرمی پیاو لەگەڵ هێلکەی ئافرەتێکی تر کە خێزانی نیە، ئەپیتێنرێت پاشان لە منداڵدانی ژنی خۆیدا جێگیر ئەکرێت.
٢)هێلکەی ئافرەت لەگەڵ سپێرمی پیاوێکدا کە مێردی نیە، ئەپیتێنرێت و پاشان لە منداڵدانی خێزانیدا جێگیر ئەکرێت.
٣) ئاوی پیاو و خێزانەکەی ئەپیتێنرێت لە ڕەحمی خێزانیدا پاشان لە ڕەحمی ئافرەتێکی بێگانەدا ئەچێندرێت بە خۆبەخشی ئەم کارەیان بۆ ئەکات.
٤) ئاوی پێاوێکی بێگانەو ئافرەتێکی بێگانە ئەپیتێنرێت و پاشان لە ڕەحمی ئەو ئافرەتە جێگیر ئەکرێت کە ئارەزوی منداڵی هەیە.
٥) ئاوی ژن و مێردێک لە دەرەوەی ڕەحم ئەپیتێنرێت و پاشان لە ڕەحمی ژنێکی تردا جێگیر ئەکرێت.
٦) ئاوی پیاو لەگەل هێلکەی ژنی خۆیدا وەرئەگرێت و پاشان بە هۆی ئامێری دەرەکیەوە ئەپیتێنرێت و ئەخرێتەوە ڕەحمی خێزانەکەی.
٧) ئاوی پیاو بە هۆی ئامێرەوە وەرئەگیرێ، پاشان لە ڕەحمی خێزانیدا یاخودا لە منداڵدانیدا جێگیر ئەکرێت و هەر لەوێدا ئەپیتێنرێت.
ئەم حەوت جۆرەی کۆڕبەندی فیقهی ئیسلامی باسیان کردوە پێیان وایە تەنها جۆری شەشەم و حەوتەمی دروست و شەرعیەو ئەو پێنج جۆرەی تر نادروستەو هەر مندالێکی لێ دروست بێت حەرام ا ناپەسەندە، چونکە هۆکارێکە بۆ تێکەل بونی وەچە کە ئیسلام بۆ پاراستنی هاتوە.
پوختەی قسە
ئەوەی لە پێشدا باسمان کرد وردەکاری باسەکە بوو کە گرنگە ئەوەی ئەوکارە ئەنجام ئەدات زانیاری دەربارەی هەبێت تا توشی کێشەی شەرعی نەبێت، کە بە کورتی ئەوەیە هەرکات ئاوی پیاو لەگەل هێلکەی ژندا کە ژن و مێرد بن لە دەروەی منداڵداندا دروست بێت هیچ کێشەی شەرعی نیە بە مەجێ، پاش پیتاندنی نەخرێتە منداڵدانی ئافرەتی نامەحرەمەوە، وە تەنها سپرمی خودی پیاوەکە بێت لەگەڵ هێلکەی خێزانی واتە پەنا نەبەن بۆ سپرمی پیاوی ترو هێلکەی ئافرەتی تر، بۆ ئەم مەبەستە ئەبێ ئەو دكتۆری نەخۆشخانەی بەم كارە هەڵدەستن زۆر جێگەی متمانە بن.
تێبینی/ ئەگونجێ لە داهاتودا ئامێری پێشكەوتوو تر دروست بكرێت و هەندێ لەم پشكنینانە گۆڕانكاری بەسەردا بێت بە هۆی پێشكەوتوو تری زیاترەوە، ئەوكات حوكمەكەشی گۆڕانكاری بەسەردا بێت.
✍️د. شاخوان سيامنصوري